پرسیار و وەڵام سەبارەت بە trafikförsäkringsavgiften (تێچووی بیمەی مۆتۆڕ)

Trafikförsäkringsföreningen (TFF) ڕێکخراوێکی هاوکاریە بۆ کۆمپانیاکانی بیمەی مۆتۆڕ لە سوید.
ئێمە یاسا و ڕێسا دادەنین بۆ ئەو برینداریانەی ڕووداوی هاتووچوو کە بەهۆی ئۆتۆمبیلێکی نەناسراو، بیمەنەکراو و بیانی ڕوو دەدەن.
هەروەها ئێمە کرێیەک لە خاوەنی ئۆتۆمبیلە بیمەنەکراوەکان دەستێنین. پارەی کرێ دەڕوات بۆ قەرەبووی
ئەو کەسانەی کە بریندار بوونە یان شتێکیان بەهۆی ئۆتۆمبیلی بیمەنەکراو یان نەناسراو زیانی بەرکەوتووە.

کرێی بیمەی مۆتۆڕ چیە؟

ئەمە کرێیەکە کە ئێمە لە TFF، بەپێی مادەی §34 لە یاسای زیانی ڕووداوی مۆتۆڕی، مافی ئەوەمان هەیە لە ئەو ئۆتۆمبیلانەی بستێنین کە بیمەی مۆتۆڕیان نیە.

ئەم کرێیە بۆ چی بە کار دەهێنرێت؟

کرێی بیمەی مۆتۆڕ بە کار دەهێنرێت بۆ قەرەبووی ئەو زیانانەی ڕووداوی هاتووچوو

کە بەهۆی ئۆتۆمبیلی بیمەنەکراو یان نەناسراو ڕوویان داوە.

ئەم کرێیە چۆن حیساب دەکرێت؟

ئەم کرێیە دە لەسەد زیاترە لە زۆرترین کرێی بیمەی مۆتۆڕ کە کۆمپانیەکی بیمە لە تەعریفەکانی خۆی دا بە کاری دەهێنێت لە هەمان ماوە دا، بۆ هەمان جۆری ئۆتۆمبیل و بە هەمان جۆری بە کارهێنان. لە 1.7.2007ەوە، لەو تەعریفەی دا کە دەبێتە بنەمای حیساب کردنی کرێ، ماکسیمۆمی 32 لەسەد باج لە بەرچاو دەگیردرێت.

لە کاتی حیسابکردنی کرێ دا، هەندێ شتی وەکوو براند، مۆدێل و ناوچەی جوگرافی هیچ کاریگەرییەکیان نیە. کرێ هەمیشە بە لانیکەم 200 کرۆنی سوید حیساب دەکرێت.

چ جۆرێک لە ئۆتۆمبیل دەبێ بیمەی مۆتۆڕی هەبێت؟

پێویستیی بیمەی مۆتۆڕ لە مادەی §2 لە یاسای زیانی ڕووداوی مۆتۆڕی دا دیاری کراوە. ئۆتۆمبیلێک کە بە مۆتۆڕ کار دەکات و لە تۆماری ترافیکی جادەیی دا تۆمار کراوە و بە شێوەیەکی کاتی لە تۆمارەکە سڕدراوەتەوە، دەبێ بیمەی مۆتۆڕی هەبێت. هەروەها، ئۆتۆمبیلێک کە بە مۆتۆڕ کار دەکات بەڵام لە تۆماری ترافیکی جادەیی دا تۆمار نەکراوە یان بە شێوەیەکی کاتی لە تۆمارەکە سڕدراوەتەوە، ئەگەر لە ترافیک دا بە کار بهێنرێت، دەبێ بیمەی مۆتۆڕی هەبێت.

لە چ ڕۆژێکەوە دەبێ ئۆتۆمبیلەکە بیمە بکرێت؟

دەبێ ڕێک لەو ڕۆژەوە کە ئۆتۆمبیلەکە دەکڕیت، یان بە شێوەیەکی تر دەبیتە خاوەنی، بیمە بکرێت.

کێ بەرپرسیارە لە واژۆکردنی بیمەی مۆتۆڕ؟

خاوەنی ئۆتۆمبیل بەرپرسیارە لەوەی کە ئۆتۆمبیلەکەی بەردەوام بیمەی هەبێت. ئەگەر ئۆتۆمبیلێک بە شێوازی کرێدیت یان لیزینگ بکڕدرێت، پێویستە خاوەنی ئۆتۆمبیلەکە بیمەی بکات. ئەگەر خاوەنی ئۆتۆمبیلەکە پێگەیشتوو نەبێت، پێویستە سەرپەرستی یاسایی ئەو بیمەی بکات.

خاوەنی ئۆتۆمبیل بەرپرسیارە کە بیمەی بکات، تەنانەت ئەگەر:

ئۆتۆمبیلەکە بە کار نەهێنرێت

بارودۆخی ئەوەندە خراپ بێت کە ئیمکانی بەکارهێنانی نەبێت

لێخوڕینی قەدەخە کرابێت

دزرابێ

درابێت بە بنکەی ئۆتۆمبیل بۆ ئەوەی بفرۆشرێت

کەسێک غیری خاوەنەکەی، بیمەی مۆتۆڕی هەبێت بۆ ئۆتۆمبیلەکە

سڕینەوە لە تۆمار بە شێوەی کاتی

ئەگەر قەرار بێت ئۆتۆمبیلەکە لە ماوەیەکی دیاریکراو دا بە کار نەهێنرێت، یان دزرابێت، دەکرێت بە شێوەی کاتی لە تۆمار بسڕدرێتەوە. دوای ئەوەی کە ئۆتۆمبیلەکە بە شێوەی کاتی لە تۆمار سڕدرایەوە، ئیتر پێویست ناکات بیمەی مۆتۆڕی هەبێت. سڕینەوە لە تۆمار بە شێوەی کاتی، لەو ڕۆژەوە کە داواکاریەکی تەواو دەگاتە Transportstyrelsen (ئاژانسی گواستنەوە و هاتووچوو)، ڕەسمیەت پەیدا دەکات و کاری پێ دەکرێت.

بۆ زانیاریی زیاتر، بەڵگەی تۆمارەکەت ببینە، یان سەردانی ماڵپەڕی Transportstyrelsen بکە: www.transportstyrelsen.se

سڕینەوە لە تۆمار

ئەگەر ئۆتۆمبیلەکە سکراپ کرابێت یان هەناردەی دەرەوەی وڵات کرابێت، دەبێ لە تۆمار بسڕدرێتەوە.

پێویستە ڕاپۆرتی سڕینەوەی ئۆتۆمبیل لە تۆمار بە نامە بدرێت بە Transportstyrelsen. بۆ زانیاریی زیاتر، بەڵگەی تۆمارەکەت ببینە، یان سەردانی ئەم ماڵپەڕە بکە: www.transportstyrelsen.se سڕینەوە لە تۆمار، لەو ڕۆژەوە کە داواکاریەکی تەواو دەگاتە Transportstyrelsen ڕەسمیەت پەیدا دەکات و کاری پێ دەکرێت.

نادروستبوونی زانیاریەکانی خاوەن لە تۆماری ترافیکی جادە دا

ئەگەر زانیاریەکانی تایبەت بە خاوەن یان خاوەنیەت لە نێو تۆماری ترافیکی جادە دا نادروست بن، تۆ دەبێ پەیوەندی بکەیت بە Transportstyrelsen ـەوە.

نەدانی کرێی بیمە

ئەگەر کرێی بیمە لە وەختی خۆی دا نەدرێت، کۆمپانیای بیمە مافی ئەوەی هەیە کە بیمەی مۆتۆڕ هەڵبوەشێنێتەوە. بەرپرسیارەتیی بیمە لە ئەستۆی کۆمپانیا دەبێت هەتا ئەو ڕۆژەی کە بیمە ڕەسمەن هەڵدەوەشێتەوە. کۆمپانیا تا ئەو ڕۆژە مافی هەیە کە کرێی بیمە بستێنێت. بەگشتی، ئەرکی داواکردنی کرێی بیمە دەسپێرێت بە TFF.

درەنگ دانی کرێی بیمە

ئەگەر کرێی بیمە دوای ڕۆژی هەڵوەشاندنەوەی بیمە بدرێت بە کۆمپانیای بیمە، بیمەی نوێ لە ڕۆژی دوای ئەو ڕۆژەوە کە پارەی بیمە دراوە، ڕەسمیەت پەیدا دەکات و بایەخی دەبێت. ئەو پارەی بیمە کە دەدرێت تەنیا بۆ داهاتووە و بۆ ڕابردوو نابێت.